ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەکانی ئێمە تەواو و دوا دەرکی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریکین لە خۆمان بتێک سازدەکەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێکخستنەی کۆمەڵگە، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەکە، کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریکین پووچگەراییەکی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەکانی دیکە، چێدەکەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێک نییە لە ئاسمانەکانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەکاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بکەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە کەتواریی دەبێتەوە و سەرکەوتنیشی لە کولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن
بەشی یازدەهەم
باشە کە تۆ فیدراڵیەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان ڕەتدەکەیتەوە، لەولاشەوە دەوڵەتی سێکیولار و سەربەخۆی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ڕەتدەکەیتەوە، وابزانم باوەڕیشت بە ولایەتی ئیسلامیش نییە، ئەدی چ ئەڵتەرناتیڤێکت ھەیە، کە ئیدیعای بکەی؟
بە بۆچوونی من ھەر پێشنیار و ئەڵتەرناتیڤێکت ھەبێت، ئەوا دوو ڕێگە بۆ جێخستنیان ھەن؛ یەکەم پاگەندە و ھوشیارکردنەوە و پراکتیزەکردن لە خوارەوەرا بە یەکگرتن و هەنگاوی کردەیی ژێردەستان، دووەم سەپاندن لە سەرەوەرا، بە بڕیاری ڕامیاران و سەودا و سازشی دەسەڵاتخوازان. پێش ئەوەی لە پێشنیارەکەی خۆم بدوێم، باشترە نموونە بۆ ھەر دوو بارەکە بھێنینەوە، کە من لێرەدا کۆلخۆزەکانی ڕوسیەی سایەی بۆلشەڤیزم و ھەرەوەزییەکانی ئۆکرانیای ١٩١٧- ١٩٢١ و هەرەوەزییەکانی سەردەمی جەنگی نێوخۆی ئیسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩، بەراورددەکەم:
لە ڕوسیە’ی پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩١٧ بۆلشەڤیکەکان ھەوڵیاندا ئۆلگوی خۆیان بۆ کێڵگەی سۆشیالیستی بەزۆر بسەپێنن، لەو بارەوە سەرچاوە و دۆکومێنتە مێژووییەکان کارەساتی بێوێنەی مێژوویی لە زۆرداری و ملھوڕی پارتی بۆلشەڤیک و نائامادەیی خەڵک و مردنی چەندان ملیۆنی و بێبەرھەمی ئەو ھەوڵە دەگێڕنەوە، کە بەڕادەیەک جوتیارانی ڕوسیە تووشی کارەسات بوون، کە باری ژیان و بەرەھەم و گوزەرانیان لە سەردەمی پاشایەتی [تزاری] و جەنگی نێوخۆ خراپتر بوو و ڕادەی بەرھەمھێنان دابەزیبوو و گرانی و نەبوونی باڵی بەسەر گوندەکاندا کێشابوو، لێرەدا بواری لیستکردنی ئەو ئەو ئامار و دراوانە،کەمە، لەبەرئەوە خۆم لەو کارە لادەدەم، ئەگەر گومانت لەمە هەیە، تکایە لە وەڵامی ئەم وەڵامەدا، ئاگادارمبکەرەوە تا نموونەگەلێکی زۆری بەڵگەدار، لە دەمی ڕەخنەگرانی کۆمونیستەوە، بخەمەڕوو.
لە بەرانبەردا هەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا ١٩١٧-١٩٢١ کە لەلایەک لەلایەن لەشکری نەمسا و ئاڵمانیاوە هێرشیان دەکرایە سەر و هاوکات لە پشتەوەڕا لەلاەین لەشکردی سوورەوە هێڕشیان دەکرایە سەر، هەروەها هەرەوەزییەکانی ئیسپانیا لە ڕاپەڕینی ١٩٣٦ی “جەنگی نێوخۆیی” ئیسپانیادا، کە لەلایەک فرانکۆ خۆی بۆ ھێرش ئامادەدەکرد و لەلایەکی دیکەوە کۆمونیستە پڕۆ-ڕوسەکان ڕێگرییان لە هەر هەوڵ و ئۆلگویەکی ئازادیخوازانە دەکرد، کەچی بە پێچەوانەی ئەزموونی سەرکوتگەرانی بۆلشەڤیکەکانەوە، ھەرەوەزییە ئازادەکان ھەم لەلایەن جوتیاران و کرێکارانەوە پێشوازییەکی فراوانی جەماوەرییان لێ دەکرا و ھەم بەرھەم و سەرکەوتووییان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر و بەرچاوبوو. بەڵێ سەرکەوتن و پەرەسەندنیان بەڕادەیەک بوو، کاتێک کە خاوەنی کێڵگە گەورەکان و کارگە و کارخانەکان بە سەرکەوتنی لەشکری فرانکۆ گەڕانەوە، ھەم کێڵگە و کارگەکان ئاوەدان بوون و ھەم بڕی بەرھەمھێنان زیادیکردبوو. ئەمە پەرجووی کار و یەکێتی و هەروەزیی ئازاد بوو، کەتوار و ڕاستییەک، کە بۆلشەڤیکەکان نیو سەدە بە هەموو جۆرێک هەوڵی شاردنەوە و شێواندنیان دا!
ئەو جیاوازییە لە سەرەنجامدا تەنیا بۆ یەک ھۆ دەگەڕێتەوە، ئەویش ئازادی ویست (ئیرادە)ی تاک و کۆمیونیتییەکانە، کە لە باری یەکەمدا [ڕوسیای بۆلشەڤیکی] جوتیاران بەزۆر ناچار بەبەشداری دەکران و زۆرینەی بەرھەمیان لەلایەن باجگرانی پارتی پێشڕەو و سیخورانی (چیکا)وە زەوتدەکرا و ئەوی ئامادەی بەشداری کۆلخۆزەکان نەبووایە، ئەوا بۆ سیبریا و ئوردووگە زۆرەملێییەکانی دیکە دەگوێزرایەوە. بەڵام لە ھەرەوەزییە ئەنارکییەکانی ئۆکرانیا و ئیسپانیادا، ھەر کەس ئازادبوو بەشداریبکات یا نا، لەتەک ئەوەشدا ئەو کەسەی کە بەشداری نەکردایە و لە کۆتایی ساڵدا بەرھەمی کەم بووایە، لەلایەن جوتیارانی نێو ھەرەوەزییەکانەوە، دەستگیرۆیی دەکرا و ژیانی وەک کۆمەکی کۆمەڵایەتی دابیندەکرا. ھەر ئەم خاڵە وای لە جوتیاران کرد، کە گرنگی و سەرکەوتوویی ھەرەوەزییەکان دەرکبکەن و بە هاریکاری و بە چەک پارێزگارییان لێ بکەن و لەو پێناوەشدا بەرانبەر لەشکری فرانکۆ، لەپێناو ئازادی و یەکسانی دەسەڵات و سەربەخۆیی ئابووریی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییدا گەورەترین قوربانیبدەن.
ھەڵبەتە ئەم خودهوشیاریی و ئامادەییە چینایەتییە لە شەوڕۆژێکدا سەریھەڵنەداوە و نەبووەتە ھێزی کۆمەڵایەتی و بەشێک لە کولتووری خەڵکەکە. ئەوەی کە بۆ وڵامەکەی من گرنگە، ھەر ئەم خاڵەیە و دەمەوێت بڵێم، شۆڕش پرۆسێسێکی بەردەوامی مێژووییە و ھەموو خاڵێک لەو پرۆسێسەدا پێویستی بە کاری ھوشیاریبەخش و پاگەندەی شۆڕشگیرانە ھەیە، هەر ئەوەی کە ئەنارکییەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا ساڵی ١٩٣٦ لە ئیسپانیا، شەو و ڕۆژ بەردەوام لەنێو کارگەکان و کێڵگەکاندا کاریان بۆ کردبوو و بووبووە بەشێک لە ھوشیاری و تەنانەت ئاوەز و کولتووری خەڵک.
ھەر لەبەرئەوە، ئەگەر ئێمەش [هاوسەردەمیانی ئەم ساتە] بۆ ھەر کارێک چ پێکھێنانی ڕێکخراوێکی جەماوەری بێت یا بەرپاکردنی ڕاپرسییەک [ڕیفراندۆمێک] یا ھەڵخڕاندنی ڕاپەڕینێک یا ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لەسەر شێوازێک و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤێک، ئەوا پێویستمان بە پاگەندە و ھوشیارکردنەوەی بەردەوام ھەیە، وەک پێشمەرجی دەستبەکاربوون. چونکە سەرگرتن و جێکەوتەبوونی دیاردەیەک، پێویستی بە بوون بە بەشێک لە کولتوور و ئاوەزی تاک و کۆمەڵگە بەگشتی ھەیە، ئەگەر نا، یا ئەوەتا وەک ئەزموونی چەپەکان لە عیراق و کوردستان نیشانیدەدات، دەبێت خۆزگە بە پەرجووی ئاسمانی بخوازین بۆ ھاتنەدی یا ئەوەتا وەک بۆلشەڤیکەکان بە کوشتن و زیندان و ھەڕەشەی دوورخستەنەوە دەیسەپێنین.
چ عیرا ق بەگشتی چ ھەرێمی کوردستان، لە کۆمەڵێک ئێتنی و ئایین و کولتووری جیاواز پێکھاتووە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە بەگشتی و لە پاش داگیرکردنی عیراق لەلایەن داگیرکاریی بریتانیاوە بزاڤە ناسیونالیستییەکان و پارتە ڕامیارییەکان لەسەر ڕێکخستنی ھەرێمەکان و ناوچەکان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی ناسیونالیستی و دروستکردنی دوژمنایەتی و کێشە و جەنگ و کوشتار لەنێوان نەتەوەکاندا بەگشتی و ناوچە ھاوبەشەکاندا بەتایبەتی کاردەکەن و ئەم هەرێمە چەند جەنگی نێوخۆیی و دەرەکی بەسەردا هاتووە، کیمیاباران و جینۆسایدی تێداکراوە. هەر ئەڵتەرناتیڤێک ئەم ڕووداوانە لەبەرچاونەگرێت، بەدڵنیاییەوە وەک بەیاننامە پارتییەکان دەبێتە ڕابوردوویەکی نەزۆک.
وەک دەزانین لەنێو زۆربەی گروپە ڕامیارییەکاندا بە چەپ و ڕاست و نێوەندەوە یەک ئەڵتەرناتیڤ پێشنیارە، ئەویش گۆڕانی ڕواڵەتی [ڕامیاریی] یا گۆڕان لە دەسەڵاتی ڕامیاریدا، کە ھەر گروپ و ئاراستەیەکی ڕامیاریی خۆی بە باشترین کاندید بۆ جێگرتنەوەی سەروەرانی ئێستا دەبینێت، گشت دەسەڵاتخوازان یەک پەیامیان بۆ جەماوەرێک کە دەیانەوێت سەروەریی بەسەردا بکەن، هەیە، ئەویش ئەوەیە “ئەگەر دوای من بکەێت، بەھەشتی ئاسمانەککانت لەسەر زەوی بۆ مسۆگەردەکەم”. ئەم ئەڵتەرناتیڤەش یا بە بەشداری ھەڵبژاردنی پارلەمانی جێبەجێیدەکەن یا بە کودەتای سەربازی و قۆستنەوەی لازاری ڕاپەڕینەکان. لە بەرانبەردا ئەو شتانەی کە لە هیچ سەردەمێکی ئەم ناوچەیەدا لەلای گروپ و پارتە چەپەکان پێشنیارنەبوون، ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی، چالاکی [خەباتی] ڕاستەوخۆ، خۆبەڕێوەبەراریەتی سەربەخۆ [ئۆتۆنۆم]ی کۆمیونیتیەکان و کارگە و کێڵگە ھەرەوەزییەکان، دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و یەکگرتنەوەی فێدراڵیستییانەی کۆمەڵگەکان، کە دەبنە بناخەی ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەی ئازاد.
هەروەها بە بۆچوونی من، ھەر کات دەستپێبکەین، پێویستە لەم سەرەتایەوە دەستپێبکەین و بەبێ ئەم سەرەتایە و بەبێ ئەم ئامادەکارییە، ئەستەمە لە ھیچ ھەڵچوون و ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێرانەدا یا لە ھیچ قەیرانێکی سەرمایەداریدا، بتوانین ھەنگاوێک بەرەو ئاڵۆوگۊری کۆمەڵایەتی؛ بەواتای تێکدانی بنەمای ئابووریی و بوونە کولتوورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، بنێین. لە ھەموو سەردەمەکاندا گرفتی ئەوانەی کە پاگەندەی سۆشیالیستبوونیان کردووە [بەتایبەت لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە] ئەوە بووە، کە پاگەندەی گۆڕانەکانیان وەک خەونێک بۆ ڕۆژانی ھەڵچوون و قەیران ھەڵگرتووە و لەو ڕۆژەدا ویستوویانە بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک [بەیاننامە] و بانگەوازکردنی خەڵک، شۆڕش [بە واتای خۆیان] بەرپابکەن.
من نازانم کەی و چەند دەخایێنێت، تا خەونەکانی ئێمە چ لە ژیانی خۆماندا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو دێنەدی، بەڵام لەوە دڵنیام ھەر ئێستا یا ئەو ساتەی کە ئەرکی ھەنووکەیی سەرشانمان دەکەین، پێویستە کاری بۆ بکەین و ئەوە لەبەرچاوبگرین، کە لە داھاتوودا بەبێ کار و تێکۆشانی ئێستا، ئەستەمە سەرکەوتن بەدەستبھێنین. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت لە ساڵی داھاتوودا بزووتنەوەیەکی بێکاری بەھێز و سەربەخۆ یا بزووتنەوەیەکی شواریی جێکەوتەمان ھەبێت یا لە چەند ساڵی داھاتوودا زنجیرەیەک ھەرەوەزی دیھاتەکان و کۆمونەی شاریی و کۆمەڵێک خۆبەرێوەبەریی کرێکاریی کارخانەکان و کۆمەڵێک خوێندنگەی سەربەخۆ و ئازادی خۆبەڕێوەبەرایەتی خوێندکاران و مامۆستایانمان ھەبن، پێویستە ھەر ئێستا و لەم ساتەوە پاگەندەیان بۆ بکەین و خۆھوشیاری و خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەرێوەبردن و ئۆتۆنۆمی ژیان بکەینە بەشێک لە بەرنامەی چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەمان و هەوڵبدەین بیانکەین بە بەشێک لە کولتووری ژیانی ڕۆژانەمان. نەک چاوەڕێی ھەلبارین لە ئاسمانەوە یا لەدایبوونی ڕابەران بین!
وەک گوتم عیراق و ھەرێمی کوردستان، فرە کولتوور و فرە ئێتنی و فرە ئایینن، بۆ ئەوەی کار و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەمان سەرکەوتووبێت، پێویستە شێوازی “خۆجێی چالاکیکردن و سەرتاسەریی هاوپشتیکردن ” بکەینە بنەمای کار و چالاکی و پەیڕەویبکەین. بۆ ئەمەش پێویستە پێش ھەموو شتێک وەک سەرەتایەک و بنەمایەک لە بڕوابوونمان بە ئازادی، باوەڕمان بە جیابوونەوە و یەکگرتنی ناوچەکان، ھەرێمەکان، ئێتنیەکان، ئازادی کولتووری، ئازادی زمان و خوێندنی زمانی دایک، ھەبێت.
لە ھەنگاوی دووەمدا ھەر کەسە و لە شوێنی کار و ژیانی خۆیدا، خەریکی پاگەندە و ھوشیارکردنەوە بێت و لە ڕێکخراوەی پیشەیی و ئابووریی و تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆجێیدا خەریکی چالاکی سەربەخۆی خۆی بێت. ئەمە دەکاتە خۆپەروەردەکردن و پەروەردەکردنی تاکی ئازادیخواز و سەربەخۆ. کاتێک کە توانرا لە ئاستی کۆمەڵگەدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەو ئاراستە بەڕێبخرێن و ئاستی ھوشیاری تاک بگەیێنرێتە ئەو ئاستەی، کە چیدی نەتوانرێت لە ژێر سایەی سیستەمی قوچکەیی بەڕێوەبردندا بژی. ئەو کات لە ئامادەیی و یەکێتی کۆمەڵایەتیی فرە ڕەهەنددا ھاوسەنگی ھێز لەنێوان بەرەی گۆڕانخواز (شۆڕش) و بەرەی کۆنەپارێز (دژەشۆڕش)دا بەلای بەرەی شۆڕشدا دەشکێتەوە و ئاسانتر دەتوانرێت ئەوە وێنابکرێت، کە بە مانگرتنی گشتی و یاخیبوونی کۆمەڵایەتیی بەردەوام و هێزگرتنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکان و کەنارخستنی ڕۆڵی دەوڵەت و بەڕێوەبەران لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا، دەسەڵاتی چینایەتی دەڕوخێنرێت. لەوانەیە بۆ ئەوانەی کە بە پاشڕەویی دەسەڵاتخوازان دەستەمۆبوون و خویانگرتووە، وێناکردن و بڕواکردنی وەها شتێک ئاساننەبێت، بەڵام ئەگەر سەرنجی مێژووی بیست ساڵی ڕابوردوو بدەین، ئەوا بە ئاسانی چەندین نموونەی زیندوو بەرچاودەکەون، کە پێچەوانەی تێروانینی پاشرەوانە و دەستەمۆییانەی ڕامیارییین: لە سەدەی ڕابوردوودا لە وڵاتی بەنگلادیش و هەروەها لە وڵاتی لوبنان، هەرچەندە بزووتنەوەکانی: بەرگرتن بە تایبەتیکردنەوەی کەرتەکان و پێکهێنانی هەرەوەزییەکان و سەندنەوەی کارخانە و نێوەندەکانی خزمەتگوزاری و شوێنە گشتییەکان لە دەوڵەت و سەرمایەداران لە ئارادانەبوون و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی بوونیاننەبوو، بەڵام وێرای ئەوەش چەند جار فەرمانداریی (حکومەتی) ئەو دوو وڵاتە بەهۆی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەرییەوە توانراوە بڕوخێندرێن و هەڵوەشێندرێنەوە. هەروەها لە مانگی جونی ٢٠١٠- ٢٠١١ وڵاتی بەلجیکا بەهۆی کێشەی نێوان لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەوە، بەبێ فەرمانداریی مایەوە و وەک وڵاتی بەبێ فەرمانداریی، ڕیکۆردی جیهانی شکاند و هەموو کاروبارەکانی کۆمەڵگە و گوزەرانی ژیانی ڕۆژانە و ڕۆتیین بەڕێوەدەچوو و بەبێ ئەوەی ئەو بێسەرەوبەرەییە دروستببێت، کە ڕامیارەکان بەوە کەسانی ناهوشیار و بڕوابەخۆنەبوو دەترسێنن؛ “ئەگەر شوانەیی دەوڵەت و فەرمانداریی سەرووخەڵکی نەبێت، ژیان ناگوزەرێت”. ھەڵبەتە پێش ئەو هەنگاوانە و پاش ئەوەش، پێویستە مافی بڕیاردان و ڕاپرسیی لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، لەبەرچاوگیرابێت و ھەر ناوچە و ھەرێمێک یا گوند و شارێک لەسەر بڕیاردانی گشتی ھەرەوەزییەکان و شوراکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی، بەپێی بنەماکانی دێمۆکراتی ڕاستەوخۆ، مافی جیابوونەوە یا یەکگرتن یا چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیان و خۆبەڕێوەبردنی خۆی ھەبێت.
بەو جۆرە دەتوانین بەر بە خوێنڕشتن و جەنگی لابەلایی نێوان ناوچەکان و ئێتنییەکان و ئایینەکان و کولتوورە جیاوازەکان بگرین و لە دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی ھەموواندا گیانی تەبایی و ھاوپشتی و پێکەوەژیان بەھێزبکەین؛ واتە ناسێنرالیزەکردنی بەڕێوەبەرایەتی و شێوەی ژیان و ڕێکخستنی کۆمیونیتییەکان؛ واتە گێڕانەوەی بڕیاردان و بەڕێوەبەرایەتی بۆ خودی خەڵک [گشت ئەندامانی کۆمەڵگە]، ئەگەر نا هەر هەوڵێکی ڕامیاریی لە نزیکترین وێستگەیدا، سەری لە بیرۆکراسی و تیئۆکراسییەوە دەدەچێتەوە !
بەڵام لەبیرمان نەچێت، کە دەستبەکاربوون بۆ پێکھێنانی ھەرەوەزییەکان و خۆبەڕێوەبەرایەتی کارخانە و کێڵگە و خوێندنگە و فەرمانگە و شارەوانییەکان و بوونی ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکان وەک بەردی بناخەی کۆمەڵگە ئازادەکان، یەکەمین ھەنگاوی دەستبەکاربوونە بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی چینایەتی. ھەروەھا پەروەردەکردنی بڕوابەخۆبوونی تاکەکەس و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی سەروەری و پارتەکان و بایکۆتی ڕامیارکاران و مشەخۆران لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا، مەرجی سەربەخۆیی نێوەندەکانی خەباتە.
تا ئەوەندەی من بیستبێتم ئەنارشیستەکان باوەڕییان بە شۆڕش نیە، ئەی تۆ چی دەڵێیت؟
ئەگەر وەڵامەکە کورتبکەمەوە، ئەوا ئەمەی لێ دەردەچێت؛ ئەنارکیستەکان باوەڕیان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ھەیە و ھیچ ئاڵوگۊرێکی ڕامیاریی و سەرووخەڵکی بە شۆڕش ناناسن و قۆناخبەندیش بۆ شۊڕش ناکەن و ڕاستەوخۆ خۆیان لە شۆڕشی کۆمەڵایەتییدا دەبیننەوە، ھەڵبەتە شۊڕش بەو واتایەی کە ئەنارکیستەکان مەبەستییانە نەک بەواتای سەرکەوتنی پارتێک لە ھەڵبژاردنی پارلەمانیدا یا کودەتایەکی سەربازی و بەدەسەڵاتگەیشتنی پارتێک لە شکستی ڕاپەڕینێکدا بەناوی پڕۆڵیتاریاوە، یا هەڵچوونێکی ساتەکی ناڕازییانی کۆمەڵگە و گۆڕینی سەروەرێک بە سەروەرێکی دیکە، گۆڕینی دیکتاتۆڕێکی سەربازیی بە دیکتاتۆڕێکی پارلمانی، گۆڕینی تیئۆکراسی بە هەرای پارلەمانی، گۆڕینی فاشیزمی ئایینی بە فاشیزمی سێکیولار. شۆڕش ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی چینایەتییە بەرەو کۆمەڵگەی ناچینایەتی، وەها پرۆسێسێکی مێژوویی تەواو پێچەوانەی ئاڵوگۆڕە ڕامیاریی و ڕواڵەتییەکانە، گۆڕینی کۆمەڵگەیە بە گۆڕینی ڕیشەیی بنەما و ڕێکخستنە ئابووریی و کولتووریی و پێکهاتەییەکانی!
لە ڕوانگەی منەوە، شۆڕش ڕووداوێکی کتوپڕ و کاتیی نییە، فوکردنی پارتێک و ڕابەرایەتی پارتاێک نییە بە جوقەیەکی لەشکرییدا، بەڵکو پڕۆسێسێکی مێژووییە و لەوەتەی چەوسانەوە ھەیە، ئەویش بەردەوامە و ھێشتا لە ھیچ شوێنێکی گۆی زەمیندا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەستنەھێناوە، ئەو ڕووداوە مێژووییانەی کە بە “شۆڕش” ناوبراون و ناودەبرێن، لە ڕاپەڕین و ھەڵچوونی ساتەکی شۆڕشگێڕانە بەولاوەتر نین. شۆڕش واتە گۆڕانی کۆمەڵایەتی، کە لە بواری ئابوورییدا دەکاتە گۆڕانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و لەنێوبردنی پایەکانی سیستەمی چینایەتی [کاریکرێگرتە و دارایی تایبەت]، لە بواری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەکاتە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییکردنەوەی پرسە کۆمەڵایەتییە بەڕامیارییکراوەکان و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەکان و تەواوی جیهان لەسەر بنەمای یەکگرتنی فێدرالیستییانەی ئازاد و پشتبەستوو بە هاوپشتی و تەبایی و پێکەوەژیانی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکە.
بە بۆچوونی من، خودی ڕەوتی گەشەی کۆمەڵگەی چینایەتی، لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگری ئاراستەی شۆڕش و دژەشۆڕشە، بەڵگەکان و دەرکەوتەکان و لۆجیکی دەرکەوتن و تێداچوونی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، سەلمێنەری بوون و بەردەوامی ململانێی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشن، هەر لە بەرەبەیانی کۆمەڵگەی مرۆییەوە تا ھەنووکە. ئەگەر بەراوردی سەرەتا و ئێستای دیاردەکان بکەین، ئەوا لۆجیکی بەردەوامی شۆڕشمان لە ژیانی ڕۆژانەدا بۆ دەردەکەوێت؛ بۆ نموونە توندوتیژی و کوشتار لەنێو ئەشکەوتنشینان و ئێستا، شێوەی پێکەوەژیانی سپیپێست و ڕەشپێست پێش ١٠٠ ساڵ و ئێستا، گۆشتخۆری و ئاژەڵکوژی جاران و ئێستا، ڕێوشوێنی ژنان، جاران و ئێستا زۆر شتی دیکە، دەبینن، سەرەڕای ھەوڵەکانی سەروەران بۆ مۆدێرنیزەکردنی دڕندایەتی هوشیارانەی مرۆڤ بەھۆی توانای تەکنۆلۆجی و سەرتاپاگیری سیستەمەکەوە، ھێشتا ھۆشیاری و پشتتێکردنی تاکەکان لە جەنگ و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی، ڕوو لە پێشە و بازاری دڕندەیی لە چاو جاران ڕوو لە کزییە. بۆ من ئەمانە دیاردەی شۆڕشن و گەواھی بۆ بەردەوامی شۆڕش دەدەن.
بەپێچەوانەی بیری باو و زاڵ، ھیچ یەک لە گۆڕانەکانی سیستەمەکان [کۆیلایەتی بە دەرەبەگایەتی بە سەرمایەداری] ھەر لە ئەوەی پێیدەڵێن “شۆڕشی کۆیلان”، “شۆڕشی گەورەی فەرەنسە” تا “شۆڕشی کۆمونە” و تا “شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧” و “شۆڕشی ١٩٣٦ی ئیسپانیا ” و “شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران” و ئازاری ١٩٩١ی کوردستان، شۆڕش نەبوون، بەڵکو تەنیا بازنەیەک و هەنگاوێک بوون لە ڕەوتی شۆڕشدا، شۆڕشێک کە تا ژیان ھەبێت، بەردەوام دەبێت و ڕوخان و دروستبوونی ھیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت کۆتایی ئەو بێت. ئەو ڕووداوانە و ھەزاران ڕووداوی دیکەی نەناسراو و شێوێنراوی دیکە، تەنیا ھەڵچوون و تەقینەوەی خێرای شەپۆلەکانی شۆڕش بوون و لەتەک تێکشکانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا، دژەشۆڕش سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، لە ساڵانی نێوان ١٧٧٩ – ١٧٩٣ – ١٨٤٨ لە تێکشکانی بەرەی جەماوەریی چەوساواندا [جوتیاران و کرێکارانی شاریی]، بۆرجوازی فەرەنسی وەک دژەشۆڕش و پاوانگەری خواستەکانی شۆڕش، سەرکەوتنی بەدەستھێنا، لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینی جەماوەریی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧دا، بۆلشەڤیزم وەک دژەشۆڕش لە تێکشکاندنی کۆمیتەی کارخانەکان و شورای شارەکان و هەروەزیی گوندەکاندا سەرکەوتنی بەدەستھێنا، ساڵی ١٩٣٩ لە ئیسپانیا، لەشکری فرانکۆ بە تێکشکاندنی میلیتێریانەی هەرەوەزییەکان گەڕایەوە دەسەڵات، لە تێکشکاندنی پیلانانەی ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕێبەندانی ١٩٧٩ی ئێراندا، بە کۆمەکی زلهێزەکان، ئاخوندەکان بەدەسەڵایگەییشتن، لە تێکشکاندنی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١دا بەرەی کوردستانی و لایەنگرانی ئەمەریکا سەرکەوتنیان بەدەستھێنا، وەک دەبینین لە تێکشکانی ڕاپەڕینەکانی ئەم دوو ساڵەی دواییشدا [٢٠١١-٢٠١٢] لە وڵاتانی باکووری ئەفریکا، ئیسلامییەکان و ناسیونالیست و پڕۆ-ئەمەریکییەکان سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە و دەھێنن، بەڵام هیچ کات و لە هیچ شوێنێک شۆڕش نەوەستاوە و بەردەوامە و بەرامبەر هەوڵەکانی دژەشۆڕش کاردانەوەی نیشانداوە و دەداتەوە، چونکە شۆڕش هیوا و هاندەری ژیانە و ژیان بەبێ شۆڕش نە بوونی هەیە و نە دەتوانێت درێژەی هەبێت!
شۆڕش وەک ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی شێوازی ڕێکخستنی ئابووری و کۆتایی سەروەری چینایەتی و چێکردنی کۆمەڵگەی ئازادی و یەکسان و دادپەروەر، لە ھیچ یەک لەو جێیانەدا، کە ڕاپەڕینەکانیان بە “شۆڕش” ناودەبرێن، سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەستنەھێناوە و بەردەوام لە ھەڵکشان و داکشاندا بووە و هەیە. بەڵام ھیچ کات نەوەستاوە و ھیچ کاتیش خودی شۆڕش تێکناشکێت، بەڵکو ئەوەی تێکدەشکێت، تەنیا ڕوودا و ھەڵچوونێکی خێرای نێو ڕەوتی شۆڕش و هێزە ڕامیارییەکانی نێو ڕەوتی ڕووداوەکانن. ھەر بۆیە کاتێک کە ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکی پاش ٧٠ ساڵ تێکدەشکێت، دەرکەوتنەوەی خێرای شەپۆلەکانی شۆڕش ھەم لەوێ و لەم لە دەرەوەی ئەو بەرچاوتر دەبن و خەبات پەرەدەسێنێتەوە !
ئەوەی کە ئەو واژە و دەستەواژانە [هەڵپەی ڕامیاریی، ڕاپەڕین و شۆڕش] بە ھەڵە بەکاردەبرێن و جێگۆڕکێیان پێدەکرێت، لە ناھوشیاری ئێمە و لێزانی دوژمنانەوەیە، تاوەکو لەو ڕێگەوە لە ئاوەز و هوشیاریی ئێمەدا قوفڵ لە ڕەوتی شۆڕش بدەن. کاتێک کە کۆیلە لە دژی کۆیلایەتی ڕادەپەڕێت و لە تێکشکانیدا جۆری سەروەری دەگۊڕێت و ئەو سەروەرییە خۆی دەکاتە بەرھەمی ڕاپەڕینی کۆیلان و مۆری کۆتایی شۆڕش لێدەدات و خۆیشی دەکاتە دوائامانجی چەوساوان. هەر ئاوا کاتێک کە لە ئەوروپادا ڕاپەڕینی جوتیاران و کرێکارانی شاریی تێکدەشکێت و کۆمەڵێکی دیکە [دەوڵەتمەندەکان] جێگەی سەروەرەکانی پێشوو (فیئۆداڵەکان) دەگرنەوە و بەدەسەڵاتگەیشتینی خۆیان دەکەنە ئامانجی بەدیهاتووی ڕاپەڕینی “شۆڕشی” جوتیاران. ئەمە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە دەستی فیئۆداڵەکانەوە بۆ دەستی بۆرجواکانی شار. کاتێک کە کرێکاران و سەربازان لە ڕوسیە ڕادەپەڕن و لە تێکشکانی هەرەوەزییەکان و شورا و کۆمیتەی کارخانەکاندا بۆلشەڤیکەکان دەسەڵاتی قەرەقووشیانەیان دەسەپێنن و ئەمە دەکەنە کۆتایی مێژوو و بەرھەمی شۆڕشی پڕۆڵیتاریا و ھەر بەو ناوەوە سەرکوتی ھەموو ڕاپەڕینەوە و یاخیبوونێکی پڕۆڵیتێری دەکەن، ئەوە تێکشکانی ڕاپەڕینی چەوساوانە بە سەرکەوتنی دژەشۆڕش. بەم جۆرە زنجیرەی تێکشکانەکان بەردەوام بەناوی شۆڕشەوە دەبنە سەرکوتگەری شۆڕشی چەوساوان و ئەو نائومێدییە بەرهەمدەهێنێت، کە لەم ڕۆژگارەدا بەسەر مرۆڤایتیدا زاڵبووە؛ بەواتایەکی دیکە کاتێک دەڵێین “ڕاپەڕین” تێکشکاوە، واتە تێکشکانی هەوڵێک لە کات و شوێن و بار و دۆخێکی دیاریکراودا، هیچ کات ئەمە لە ئاوەز و هۆشی تاکی چەوساوەدا نابێتە نائومێدکەری، لەوەی کە بەیانی یا لە شوێنێکی دیکە و بار و دۆخێکی دیکەدا، ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. بەڵام کاتێک کە بڵێین “شۆڕش” تێکشکاوە، لە هۆش و ئاوەزی تاکی یاخی تێکشکاودا ئەو پوجگەراییە بەرهەمدەهێنێت، کە سەرکەوتنی “مۆدێلی بیسمارکی” لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە لە ڕوسیا دەکاتە سەرەنجامی “شۆڕش” و دواتر تێکشکانی هەمان مۆدیل لە ساڵی ١٩٨٩دا دەکاتە بەرهەمهێنەری پووچگەراییەکی دیکە؛ ” شۆڕش هەر ئەوە بوو، کە ئازادی سەرکوتدەکرد، شۆڕش ڕوخا وکۆتاییهات و ئیدی بۆ هەمیشە سەرمایەداری دوا قۆناخی مێژووە” !
بەبۆچوونی من، کاتی ئەوە ھاتووە، کە بە وریاییەوە دەستەواژەکان بەکاربەرین و واژەی دروست لە شوێنی گونجاودا بەکاربەرین. “شۆڕش” بریتییە لە خەباتی هوشیارانەی بەردەوام بۆ کۆتاییھێنان بە چەوسانەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و تێکدانی ژینکە لەلایەن مرۆڤە هوشیارە دڕندەکانەوە. ئەم خەونە بەبێ لەنێوبردنی پایەکانی ڕاگرتنی چەوسانەوە؛ سەروەری، دارایی تایبەت، کاریکرێگرتە، مشەخۆریی، ئەستەمە ببێتە کەتوار. لێرەوە دەتوانین سەرنجی ئەو ڕووداوانە بدەین، کە لە مێژوودا بە “شۆڕش” ناوبراون و دەبرێن. ئایا ئەو چوار تایبەتمەندییەی سیستەمی چینایەتییان لەنێوبردووە؟
بەبۆچوونی من نەخێر و لە ڕادیکاڵترینیاندا، کە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بوو، نەک نەتوانرا ھەر چوار پایەکەی سیستەمی چینایەتی لەنێوببرێن، بەڵکو ھەر چواریان لەو سیستەمەدا مانەوە و ئامادەییان ھەبوو و بەهێزتر کران؛ پارتی کۆمونیست سەروەر بوو، دەوڵەت دارای ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و زەمین و سامانی کۆمەڵگە بوو، کرێکاران کرێگرتەی دەوڵەت بوون، سەرانی پارت و دەوڵەت مشەخۆری ڕەنجی بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵگە بوون.
بۆچی ئەنارشیستەکان ھەمیشە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن و خەباتی چینایەتی و جەماوەری ڕەتدەکەنەوە ؟
بەداخەوە زۆربەی بڕیارەکانی تاکی گۆشکراو بە پەروەردەی پارتیی، لە پێشداوەرییەوە سەرچاوەدەگرن؛ “مادام ئاوا باوە و ئاوا دەڵێن، ئیدی ئاوایە. من ئاوام بیستووە”. “هەمووان ئاوا دەڵێن” …تد. بەڕێزم، من لە دەستەواژەکانی تۆدا ئەوەندەی پێشداوەریی و هەژموونی میدیای دەسەڵات دەبینم، ئەوەندە سەرنجدەریی و پرسیار نابینم. من نازانم زۆربەی ئەوانەی کە ئەنارکستەکان بە توندوتیژ و وێرانگەر دەبینن، چ سەرچاوە و بەڵگەیەک یا دیتنێکی خودییان لەو دیمەنانە هەیە، کە وێنایاندەکەن؟
بەپێچەوانەوەی پاگەندە باوەکانەوە، یەکەم پێکدادانەکان بەو جۆرە نین، کە کامێرای ماسمیدیا نیشانیاندەدەن. لەم بارەوە دەتوانین سەرنجی ئەو فیلمە دۆکومێنتەری و کورتە فیلم و وێنانە بدەین، کە دەستەی ھەواڵنێری خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکان دەیانگرن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیای سەربەخۆ [www.indymedia.org] دەیانخەنە ڕوو، ھێرشکەری یەکەم ھێزەکانی دەسەڵاتن، کە پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و ئەوەی لە نیشاندەری کاناڵەکانەوە نیشاندەدرێت، کاردانەوەیە بە ڕووی توندوتیژی دەسەڵاتدا، بۆ نموونە سەرنجی ھەر دوو دیوی ڕووداوەکان ئەوەی میدیای دەسەڵات و ئەوەی میدیای دژەدەسەڵات لە سیاتل و گوتیبێرگ و گێنێڤا و ..تد دەیخەنەڕوو، بدەن.
پاشان بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە دوو سەدا ساڵی ڕابوردوودا لەمەڕ ئەنارکییەکان گوتراوە و پاگەندەی بێبنەمایان بۆ کراوە، بەپێچەوانەی ئەوانەوە، کە باوەڕیان بە تێکۆشانی ڕامیاریی و پارتایەتی و ھەڵپەی پارلەمانی و ڕێکخستنی قوچکەیانەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ھەیە، ئەنارکییەکان تەنیا یەک شێواز لە تێکۆشان بە سەنگەری چینایەتی دەزانن، ئەویش خەباتی جەماوەریی و ڕێکخستنی ناقوچکەییی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە ڕێکخستنێکی وەها تێکۆشانی ناتوندوتیژ دەخوازێت، چونکە ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی ئەو بزووتنەوانە، پێکهاتەی میلیشیایی نین و پێویستییان بە پلان و بەرنامەی پشتپەردەی پارتایەتی و دەستەی تێرۆر و تۆقێنەر نییە. دەکرێت لە بزووتنەوەیەکی جیهانگردا لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆراوا، لە باشوورەوە بۆ باکوور، چەندین گروپی پێکهاتوو لە لاوانی خوێنگەرم و بێئەزموون هەبن، کە پێکدادان لەتەک پۆلیس و دامرکانەوەی ساتەکی تووڕەیی کەڵەکەبووی ساڵانەیان بەرامبەر دەزگە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس و بۆدیگاردەکان، کە ڕۆژانە سوووکایەتی و توندوتیژی بەرامبەر تاکە ژێردەستەکان دەنوێنن و بەکاردەبەن، بە کارێکی شۆڕشگێرانە و سوودمەند بزانن. بەڵام سەرپای مێژووی بزووتنەوەی ئەنارکیستی تژیەتی لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و بیریاران و تیئۆری ناتوندوتیژ، لەوانە دەتوانین ناوی ماهاتما گاندی [Mahatma Gandhi] و کلارا ڤیشمان [Clara Wichmann] و تۆلستۆی و چەندینی دیکە بەرین.
پاشان، مەبەست لە خەباتی چینایەتی چییە، ئایا ھەوڵ و چەنەبازیی پارلەمانی، خەباتی چینایەتییە؟ ئایا واژۆکۆکردنەوە و پاڕانەوە لە دەسەڵات و بەرەی ھاوبەش لەتەک پارتە ڕامیارییەکان، خەباتی چینایەتییە؟ ئایا پێکھێنانی ڕێکخراوەی قوچکەیی، کە کەمایەتییەک تیایاندا بۆ زۆرینە بڕیاردەدەن، ڕێکخستنی چینایەتییە؟ ئایا جوڵانەوە و خۆپیشادان لە چوارچێوەی یاسا و چاودێری و سەرپەرشتی ھێزەکانی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی لافیتەی سپی و دروشمی شەرمنۆکانەی نەتەوەیی و نیشتمانی و تاوانبارکردنی دەسەڵاتداران بەوەی کە نەیانتوانیوە نەتەوەپەروەر و نیشتمانپارێزبن، خەباتی دژە-سەرمایەداریی چەوساوانە؟
بەداخەوە، لەم بارەوە، سۆشیالیستەکانی کورد و ناوچەکە لەلایەک سەرچاوەی بەڵگە و بڕیاردانەکانیان نیشاندەری تەلەفزیۆنەکانیانە و لەلایەکی دیکەوە هێندە بە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی نامۆبوون، کە هەر بزووتنەوەیەک لەژێر فەرمانی سەرانی پارتەکان نەبێت و هەوساری دەسەڵات لە ملیدا نەبێت، بە ئاژاوە و توندوتیژیی دەزانن، ئەمە لە کاتێکدا هیچ دەزگە و ڕێکخستنێکی قووچکەیی چ لە دەسەڵاتدا و چ لە دەرەوەی دەسەڵات بوونی نییە، کە ڕۆژانە توندەتیژیی بەرامبەر ئەندامانی و کەسانی ژێردەستەی بەکارنەبات. هەڵبەتە مەبەست لە توندوتیژیی، تەنیا توندوتیژیی جەستەیی نییە، بەڵکو فەرمان و فشار و تەنگەتاوکردنی دەروونی و تیرۆری هۆشیی و کەسایەتیش دەگرێتەوە، کە لە هەموو دەزگەیەکی چینایەتیدا بەکاردەبرێت و بنەمای کارکردن و مانەوەی پێکدەهێنێت. بەڵام لەبەرئەوەی کە لە هۆشیی تاکی ژێردەستەدا وەها ڕەفتار و بەکاربردنێک ڕەوایەتی پێدراوە و وەک بەشێک لە کولتوور و شێوازی بیرکردنەوە و جیهانبینیی گشتی جێگیرکراوە، کەسانی ناهوشیار و خۆشباوەڕ بە پاگەندە و یاساکانی سەروەریی، نادەربەستانە و دەستەمۆیانە پاشرەویی لێدەکەن و هیچ کاردانەوەیەکی سەربەخۆ نیشاننادەن، لە بەرامبەردا کاتێک کە دەبینن، کەسێک بەرانبەر پۆلیس کوتەک بەرزدەکاتەوە یا بەردێک دەگرێتە جامخانەی بانکێک، ئیدی تووشی نائارامیی دەبێت و توانانی خوێندنەوەی ئەوەی نییە، کە ئەوەی ئەو لەو ساتەدا کامێراکان بۆی دەگوازننەوە، تەنیا کاردانەوەیەکی سروشتیی کاتی هەڵچوون و پارێزگاریی لەخۆکردنی خۆپیشاندەرانە !
ئەو ھەمووە باڵ و لق و پۆپانەی کە بەناوی ئەنارشیسمەوە ھەن، مەگەر نیشانەی سکتاریستبوون نین، ئەی چین ؟
سەرەتا پێویستە ددان بەو کەتوارەدا بنێم، کە ئاراستە یا تێڕوانینە ئەنارکیستییەکان لەمەڕ پرسە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو باڵ و لکگەریی چوون، ئەمەش لەژێر کارایی پاشەکشێی پاش تێکشکانی ڕاپەڕینەکان و جەنگە جیھانییەکان و کارایی دانانی دەستەگەریی مارکسیستی بووە، بەتایبەت ڕووکردنی چەپەکان لە ئەنارکیزم و پاراستنی فەرھەنگە پارتیی و سکتاریستییەکەیان لە بار و دۆخی لاوازیی بزاڤەکەدا. من بە دیاریکراوی و بە ئاشکرا لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوین، ئەمە دیاردەیە دەبینم و زۆرێک لەوانەی واز لە چەپ دەھێنن و ڕوو لە ئەنارکیزم دەکەن، بەھەمان سوونەتی پێشوو و کاردەکەن و تێڕامانە ئەنارکیستییەکان بە ڕەوتی جیا وەردەگرن و خۆیان بەو جۆرە ڕێکدەخەن و دەیکەنە شوناسی گروپەکانیان. چونکە لە سونەتێکی ئاوا هاتوون و بەئاسانی ناتوانن و هەروەها زەمینەی کۆمەڵایەتیی لەباریش بۆ خۆدەربازکردنیان لەو ڕابوردووە، لە ئارادا نییە یا زۆر لاوازە. لەبەرئەوە لەوانەیە ماوەیەکی زۆری بوێت، تا دەستبەرداری کارایی ڕێکخراوی ڕامیاریی و پێکهاتەی قووچکەیی و کردار و گوفتاری سکتاریستی و خودنمایی ڕامیاریی ببن. هەر لەبەرئەوەشە کە ئەو کەسانە فرەتر وەک پلاتفۆرمیست کاردەکەن و لەو بارەدا هەست بە ئارامی دەکەن.
بە بۆچوونی من لە ڕابوردوودا ھیچ یەک لە بیریارانی ئەنارکیزم نەھاتووە تێڕامانی لەمەڕ پرسێکی دیاریکراو وەک ڕەوتێکی جیای ئەنارکی بناسێنێت. بۆ نموونە ئێما گۆڵدمان [Emma Goldman] نەیگوتووە ژنانی ھەڵگری ئایدیای ئەنارکۆ-فێمینیستی دەبێت جیا لە پیاوان و دابڕاو لە تێرامانە ئەنارکیستییەکانی دیکە خۆیان ڕێکبخەن و کاربکەن، یا ڕۆدۆڵف ڕۆکەر [Rudolf Rocker] نەھاتووە بڵێت ھەڵگرانی ئایدیای ئەنارکۆ-سەندیکالیستی بە جیا لە ھەڵگرانی ڕەوتەکانی دیکە خۆیان ڕێکبخەن و ھەروا پیتەر کرۆپۆتکین و ئەوانی دیکەش ھەروا نە خۆیان و نە تێڕانین و تێزەکانیان جیا لە گشتییەتی بزووتنەوە، نەخوستووەتە ڕوو.
نەخێر، ئایدیا ئەنارکیستییەکان و تێڕامانەکان تەنیا ئەڵتەرناتیڤی ئەنارکیستەکان بوون لە بەرانبەر ھەژموون و کاری چەپ و ڕاستدا، بەواتایەکی دیکە ئەنارکۆ-سەندیکالیزم شێوازی ڕێکخستنی ڕێکخراوەی جەماوەریی ئەنارکیستییە، واتە کاتێک ئێمە ڕێکخراوێکی ژنانمان ھەبێت و ئاراستەی ئەنارکیستی ھەبێت، خۆبەخۆ خۆڕێکخستنی لە خوارەوەرا و ئاسۆیی دەبێت، واتە پێکھاتەی قوچکەیی ڕێکخستن و ڕێکخراو ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش ئەڵتەرناتیڤی ئەنارکیستییە لە بواری ڕێکخستندا، کە دەکاتە [ئەنارکۆسەندیکالیزم]، یا ئەگەر ڕێکخراوێک، ھەرەوەرزییەک، سەندیکایەکی کرێکاریمان ھەبێت، ئەوا ئەنارکۆ فێنمینیستەکان لەسەر بنەمای خەباتی ھاوبەش بۆ لەنێوبردنی ھەڵاواردنەکان لەو ڕێکخراوەدا، لەسەر بنەمای تێڕامانە ئەنارکۆ فێمینیستییەکان، دژایەتی ھەموو دووبەرەکییەک و ھەر ھەڵاواردنێک لەسەر بنەمای ڕەگەزیی دەکەن. بەم جۆرە هەروا تێڕامانی ئەنارکیزمی تاکگەرا و کۆمونیستی و ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆست و بوارەکانی دیکە تەواوکەری بزاڤی ئەنارکیستین، نەک باڵێک و ڕەوتێکی دابڕاو و خۆڕێکخستوو بەجیا لەوانی دیکە، بەڵکو بە هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان و تێڕامانەکانەوە، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەند پێکدەهێنن [بزووتنەوەی ئەنارکیستی]. ھەر کات بزاڤی ئەنارکیستی بەو ئاراستەیە چوو، کە وەک چەند باڵێک خەباتبکات، ئەوا ئەو کاتە ئیدی تەنیا بریتی دەبێت لە چەند کۆمەڵەیەکی مەزھەبی و سکتاریستی وەک پارت و گروپە مارکسیست و لیبراڵ و ناسیونالیست و ئایینییەکان.
*************************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە
بەشی یەکەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg
بەشی حەوتەم: http://wp.me/ppHbY-Jo
بەشی هەشتەم: http://wp.me/ppHbY-Jv
بەشی نۆهەم : http://wp.me/ppHbY-JO
بەشی دەهەم : http://wp.me/ppHbY-JZ
آدرس و اسامی صفحات مرتبط با فدراسیون عصر آنارشیسم
Federation of Anarchism Era Social Media Pages
۱- آدرس تماس با ما
asranarshism@protonmail.com
info@asranarshism.com
۲- عصر آنارشیسم در اینستاگرام
۳- عصر آنارشیسم در تلگرام
۴- عصر آنارشیسم در توئیتر
۵ – فیسبوک عصر آنارشیسم
۶ – فیسبوک بلوک سیاه ایران
۷ – فیسبوک آنارشیستهای همراه روژاوا و باکور - Anarchists in solidarity with the Rojava
۸ – فیسبوک دفاع از زندانیان و اعدامیان غیر سیاسی
۹ – فیسبوک کارگران آنارشیست ایران
۱۰- فیسبوک کتابخانه آنارشیستی
۱۱ – فیسبوک آنارشیستهای همراه بلوچستان
۱۲ – فیسبوک هنرمندان آنارشیست
۱۳ – فیسبوک دانشجویان آنارشیست
۱۴ – فیسبوک شاهین شهر پلیتیک
۱۵ – فیسبوک آنتی فاشیست
۱۶- تلگرام آنارشیستهای اصفهان و شاهین شهر
۱۷ – اینستاگرام آنارشیستهای اصفهان و شاهین شهر
۱۸- تلگرام آنارشیستهای شیراز
۱۹ – تلگرام ” جوانان آنارشیست ”
۲۰ - تلگرام آنارشیستهای تهران
۲۱ – اینستاگرام جوانان آنارشیست
۲۲ – گروه تلگرام اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۳ – توییتر اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران - The Anarchists Union of Afghanistan and Iran
۲۴ – فیسبوک اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۵ – اینستاگرام اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۶ – کانال تلگرام خودسازماندهی مطالب گروه اتحاديه آنارشیستهای افغانستان و ايران
۲۷ – گروه تلگرام خودساماندهی مطالب گروه اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۸– اینستاگرام آنارشیستهای بوکان - ئانارکیستە کانی بۆکان
۲۹- کانال تلگرام کتابخانه شورشی
۳۰- کانال تلگرام ریتم آنارشی
۳۱- تلگرام آنارشیستهای اراک
۳۲- تلگرام قیام مردمی
۳۳- ماستودون عصرآنارشیسم
۳۴- فیسبوک آنارشیستهای مزار شریف
۳۵- فیسبوک آنارشیستهای کابل