نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان / ٣

هەژێن

Text Size

 

 

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.

 

هەژێن

 

بەشی سێیەم

 

 

من وا له‌ ئه‌نارشیزم ده‌گه‌م، كه‌ دژی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ بێ و خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان و ‌ كۆمه‌ڵگە بێت بۆ سه‌رده‌می ئه‌شكه‌وتنشینان، ئایا بەخۆشتان پێتان وانییه‌؟

 

 

ئەگەر مەبەست لە كۆمەڵگەی ھاوچەرخ، تەكنۆلۆجیای بۆمب و ڕۆکێتی ژیری چۆنیەتی مرۆڤکوژی و فڕۆكەی جەنگی و تانك و پیشەسازی ناپێویست و تێكدانی ژینگە و نامۆكردنی مرۆڤ بەخۆیی و سروشت بێت، بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەناركیزم دژایەتی سەرسەختی ئەوانە بێت و ھەوڵ بۆ لەنێوبردنیان بدات. بەڵام ئەگەر مەبەست لە ھاوچەرخییکردنی كۆمەڵگە و ئاسانكاریی و ئاسوودەیی مرۆڤ بێت لە سایەی دەسكەوتە زانستی و تەكنۆلۆجییەكاندا، ئەوا پێویستە ئەناركیزم پشتیوانی پەرەپێدانیان بكات. لە باری یەكەمدا [لایەنگریی ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژینگە] مرۆڤ لە سەرووی سروشت و ھەموو بوونەوەرەكانەوە دادەنرێت و ڕێگە بەخۆی دەدات، بۆ كایە گەمژەییەكانی (جەنگ و سوودپەرستی و زۆرداری)، ژینگە تێكبدات و ئاژەڵەكانی دیكە لەنێوبەرێت و لەوەش واوەتر ھاوجۆرەكانی خۆی كۆیلەبكات. ھەموو ئەمانە ڕۆژ بە ڕۆژ لەتەك گەشە و پەرەسەندنی تەكنۆلۆجییە ناپێویست و مەترسیدارەكان، بەرەو لوتكە دەكشێن و مرۆڤ بەخۆی نامۆتر و ژینگە وێرانتر و ھاوسەنگی بوون و ژیان لەنێودەبەن. زۆرێك لە بەناو دژەكان لە كۆمەڵگەی چینایەتییدا لەسەر ئەو بنەما ئایینییە كۆكن، كە ھەموو شتەكان بە خاتری مرۆڤ ئافەرێنراون و مرۆڤیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕێگە بەخۆی دەدات، ببێتە وێرانگەری سروشت و دواجار لەنێوبردنی خۆیشی وەك بەشێك لە سروشت. ئاییندارێك لەسەر بنەمای دانراوی خوادایانەی شتەكان، ڕەوایەتی بەكوشتنی ئاژەڵەكان و شەڕەكان دەدات، سەرمایەدارێك لەپێناو سوود و سەروەریی، جەنگ بەرپادەكات و ژینگە وێران دەكات و ئاژەڵەكان قڕدەكات، چەپەكانیش لەسەر ھەمان بنەمای باڵاىوونی مرۆڤ لە ئاییبنەكاندا و خۆپەرستی مرۆڤ، پاگەندەی یەخسیركردنی سروشت و گیانەوەرەکانی دیکە بۆ باڵابوونی دەكەن . بە بۆچوونی من، بەنرخترین سەرمایە خودی مرۆڤ نییە، بەڵکو ژینگەیەکە کە مرۆڤ دەتوانێت ئازادانە و ئاسوودە تیایدا بژیت، چونکە بەبێ سروشت وەك گشتێك، هەرگیز مرۆڤ توانانی بوون و مانەوەی نییە و نابێت، بە واتایەکی دیکە پاراستنی یاسا سروشتییەکان مەرجی مانەوەیە نەك سەروەریی مرۆڤ بەسەر ئەوانی دیکە و دەوروبەرەکەیدا.

 

 

بەڵام ئەناركییەكان و لایەنی كەم لە تێڕاونینی مندا، مرۆڤ بەشێكە لە سروشت نەك سەروەری سروشت، تەنیا سەروەر لە سروشتدا، یاساكانی خودی سروشتن، مرۆڤ تەنیا یەكێكە لە زیندەوەرەكان و پێویستە پێبەپێی ھوشیاربوونەوەی، پشت لە پاشماوە دڕندانە ئاژەڵییەكەی بکات و ببێتە پارێزەری سروشت؛ بە ژینگە و ئاژەڵان و خودی خۆیشییەوە، بەواتایەكی دیكە ئەگەر بوونەوەرەكانی دیكە بەشێكی بێ(زیان) و تەواوكەری سووڕی ژیانەوە و بەردەوامی سروشتبن، ئەوا دەبێت و پێویستیشە مرۆڤ بەپێی دەرك و توانای ھوشیاریی، پێشەنگی سروشتپاریزیی بێت، ڕێك پێچەوانەی ئەوەی كە لەم ڕۆژەدا ھەیە و دەیكات. ئەوی ئاگای لە تێكچوونی باری كەش و ھەوا و ژینگە و لەنێوچوونی ئاژەڵان ھەبێت، ئەوە دەزانێت، ھوشیارییەك كە ئەم ڕۆژە مرۆڤ شانازی پێوەدەكات، ھاوچەرخكردن (مۆدێرنیزەكردن) و كولتوورییكردنی پاشماوەی دڕندایەتییە ئاژەڵییەكەیەتی، نەك ھوشیاری ئاشتكردنەوەی ھەموو پێكھێنەرەكانی سروشت و دووركەوتنەوە لەو پێشینە دڕدانەیە.

 

 

لەبەرئەوە ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت مل بە دڕندەیی بەلوتكەگەییشتووی ئەم ڕۆژەی بدات و لەنێوان دڕندەیی ئاژەڵییانەی سەرەتایی و دڕندەیی ھوشیارانەی ھەنووكەییدا، ڕێگەی سێیەمی مەیسەر نەبێت و بوونی نەبێت، ئەوا باشترە بگەڕێتەوە سەر دڕندەییە سەرەتاییە ئاژەڵییەكەی، چونكە ھەرچۆنێك بێت، لە دڕندەیی تەکلۆلۆجیکراوی ھەنووكەیی باشتر و كەم ڕەھەندترە !

 

 

لە وەڵام بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتاندا، دەبێت بڵێم نا، ئەناركیستەكان خوازیاری بەكاربردنی تەكنۆلۆجیا و زانست و توانایییە پەرەسەندووەكانی مرۆڤن لەپێناو بەرپاكردنی كۆمەڵگەی پێشكەوتووی ئازاد و یەكسان و دادپەوەر، كە تێیدا بەھرەمەندی مرۆڤ لە دەستكەوتە پێویست و ئاوەزپەسەندەكان و ئازادی و دادپەوەروەری، بەوپەڕی ئازادی و یەكسانی و سروشدۆستیی بگات.

 

 

له‌ نووسینه‌ ئه‌نارشیتییه‌كاندا دژایه‌تی ئایدیۆلۆجیا و پاشگره‌ “ئیسم”ییه‌كان به‌ ئاشكرا دیاره‌، ئایا جیاوازی له‌نێوان ئیسمی ماركسیزم و ئه‌نارشیسم چییه‌؟

 

 

پێش ئەوەی جیاوازی ئەو دوو ئاراستەیە دەستنیشانبكەم، كە ھۆكاری ناكۆكی نێوان ئەو دوو ئاراستەیەش بۆ ھەمان ئەو جیاوازییانە دەگەڕێتەوە. پێویستە ئەوە ڕۆسنبکەمەوە، کە ئایدیلۆجیا، مەزھەب (ڕێڕەو)، ئاییننامەیەكی دانراوە، تاوەكو ژیان و ڕەوتی گەشەی كۆمەڵگە ئاراستەبكات و داھاتووی كۆمەڵگە دیاریبكات. ئەمە ھەمان ئەركە كە دانراوەكانی یەھوڤا و ئینجیل و قورئانەكەی موحەمەد لە ئەستۆیانگرتووە، واتە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە لە چوارچێوەی تێڕوانین و دەركەوتی ھۆشیی كەسانێكەوە، كە بڕیارە پەیامەكەیان ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگە. وەك دەزانین لە ئایدیۆلۆجیا ڕامیارییەكان و ڕێڕەوە ئایینییەكاندا ھەموو شتێك یەكلاییكراوەتەوە و ھیچ بوارێك بۆ بیرلێكردنەوە و ڕەخنە نەھێڵڕاوەتەوە و ئەوەی لە دەرەوەی ئەوانەوە ھەنگاو بنێت یا گومانبكات، دەبێتە لادەر و داردەستی دوژمن و دژی بەرژەوەندی گشتی.

 

 

ھەڵبەتە دانانی ئایدیۆلۆجیا بە چێکەری کۆمەڵگە یا ڕێڕەوی گەیشتن بە کۆمەلگەی داهاتوو، سەرچاوەی بۆ ئەو بۆچوونە دەگەرێتەوە، كە ھەموو كەس توانانی بیركردنەوەی نییە و تەنیا كەسانێك لەوە بەھرەمەندن و ئەركی ئەو بەھرەمەندانەش بیركردنەوەیە بۆ ئەوانی دیكە و ئاراستەكردنیان و ڕێكخستنی كۆمەڵگەیە بۆیان، كە بنچینەكەی ھەمان ئایدیای پێش مادەبوونی ھۆشە. ئەگەر خۆمان گێلنەكەین، ھەموومان بەرھەمی ئەو ئاراستەكردن و لە چوارچێوەدانەمان دیتوە، كە سیستەمە چینایەتییەكان؛ سەرمایەداری جۆری بازارئازاد و پارلەمان، سەرمایەداری جۆری دەوڵەتی (لەوانەش سۆشیالیزمی دەوڵەتی)، سیستەمی ئایینی جۆری ئیسلامی، كۆمەڵگەی پێدەچەپێن و دەبنە ھۆی لەكارخستنی ھۆشی تاك و ڕەوتی گەشەی ئازادانەی كۆمەڵگە و گەیشتن بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر.

 

 

ماركسیزم، ئایدیۆلۆجیایە و لەسەر بنەمای تێڕوانین و لێكدانەوەكانی ماركس و ئینگلس ڕۆنراوە و پاشڕەوانیان كۆمونیزم وەك ئایدیۆلۆجیایەك بۆ داھێنان و پێگەییشتنی ماركس و ھاوەڵەكانی دەگێڕننەوە و کۆمەڵگەی کۆمونیستی بە جۆرێك لە بیردۆزە و یاسامەندی ڕامیاریی دەناسێنن. ھەرچەندە ژیانی مرۆڤ لە بەرەبەیانەوە بەجۆرێك كۆمەڵایەتیی (سۆشیالیستیی) بووە و تا ئێستاش پاشماوەكانی ئەو كۆمەڵایەتییبوونە (سۆشیالیستیبوونە) و پێكەوەژیانە (كۆمونگەراییە) لە كۆمەڵگە سەرەتاییە دوور لە دەوڵەت و یاسای ڕامیاریی و ناچینایەتییەكاندا دەبینین و كۆمونیزم بەر لە ماركس و بیریارانی، خەونی كۆنی مرۆڤی ژێردەست بووە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەما كۆمەڵایەتییەکانی ژیانی سەرەتایی یا بۆ ژیانێكی باشتر و ئاوەزپەسەندتر و گەشەکردووتر. بەڵام بەداخەوە پاشڕەوانی كارل ماركس و پاشینانی، تا ڕادەی مەزھەبێك، ھزر و ئایدیای كۆمونیزمیان تووشی دۆگماتیزم و سەرووڕەخنەیی كردووە و بۆ ھەموو وەڵامێك لە ھەر سەردەمێكدا یا بۆ لێكدانەوە و تێگەییشتن لەھەر كەتوارێك، دەگەڕێنەوە سەر گوتەكانی ماركس وەك پەرتووكە پیرۆزەكانی دیكە و ھەموو سەردەمەكان و ھەموو ڕووداوەكان و ھەموو بارەكان و ھەموو كەتوارەكان بە پێوەری دەركی ماركس دەپێون و ئەگەر وەڵامێكی ئامادەیان لە گوتەكانی ئەودا دەستنەكەوێت و دۆشدابمێنن، ئەوا دەستبەجێ سەرنج و ڕەخنە و ئایدیا و بۆچوونەكان بە لادەر و دژە كۆمونیزم و نازانستی و ناكەتواریی تۆمەتباردەكەن و بۆ پاساوی ھەموو ئەوانەش ئایدیۆلۆجیای ماركسیستیی بە زانست ناودەبەن، نائاگا لەوەی كە خودی زانست وەك دەركی مرۆڤ و دۆزینەوە كردەییەكان و زانستەكان بەگشتی، وەك ھەر ھزرێك بەردەوام لە گۆڕان و نۆژەنبوونەوەدان و بە وەلانانی ھەندێك بیردۆزی ھەڵە و جێگرتنەوەیان بە كۆمەلێك بیردۆزی ئاوەزپەسەندتر، دەبنە گیانی تیڕامان و زانستی سەردەم. بە واتایەكی دیكە لە ڕووی زانستییەوە، دەكرێت ئەوەی دوێنێ بیردۆزێكی زانستی بووبێت، لەم ڕۆژەدا نادروست بێت و ئەوەی لەم ڕۆژە زانستییە، سبەینێ پووچگەراییبێت.

 

 

لەبەرئەوە، بەکاربردنی چەمکی زانست و زانستی بۆ ئایدیۆلۆجیای کۆمونیستی، پارادۆکسی خۆی بەرهەمدەهێنێت؛ کاتێك مارکسیزم زانست زانسبێت، ئەوا دەبێت بەوەش ڕازی بن، کە دەبێت تیئۆرییەکی ناجێگیر و نەتەواوبێت و وەڵامی هەموو پرسیار و گومان و نەزانراوەکانی نەداوەتەوە. بەڵام ئەمە پێچەوانەی پاگەندەی مارکسیستەکانە، کە لەو باوەڕەدان مارکسیزم وەلامی بە هەموو شتێك داوەتەوە و کۆمەڵگەی داهاتوو [ناچینایەتی] هەمان کۆمەڵگە دەبێت، کە مارکس و ئەنگلس کڵێشەیان کێشاوە و هەروەها وەها بۆچوونێك سەرد و هەشتا پلە پێچەوانەی بۆچوونە زانستییەکانە و هاوڕا و هاودیدی بۆچوونە مەزهەبییەکانە، هەروەک چۆن پەیڕەوانی قورئان لەو بڕوایەدان قورئان وەڵامی بە هەموو شتێکی داهاتوو داوەتەوە و هەر بیرکردنەوە و بۆچوونێك لە دەرەوەی بازنەی ئەو، لادانە.

 

 

هەروەها ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم بە بیردۆزە یا دۆزراوەی مێشك و هۆشمەندی چەند کەسێك بێت، ئەوا کۆمەڵایەتییەبوونی وەک بزووتنەوەیەکی مێژوویی دەخەنە ژێر پرسیار و ڕەتدەکەنەوە. ئەمەش دیسانەوە هەر ئایینگەراییە، واتە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ئایدیالبوون لە سایەی سێکوچکەی خوا – کلیسا – پاشا. واتە خوا [مارکس] دیاریدەکات کە چۆن بە کۆمەلگەی داهاتوو دەگەین، کلیسا [پارت] دەبێتە پێشەنگی ئەو ڕەوتە و پاشا [دەوڵەت] کۆمەڵگەمان بۆ ڕێدەکات و ئاگاداریمان دەبێت، ئەمەش دەکاتە بوونی هۆشمەندی لەپێش ماددەوە. هەر ئەم بنەما ئایدیۆلۆجییەکە کە تیئۆریسیۆنانی مارکسیزمی ناچار بە هانابردن بۆ دیکتاتۆری و دەوڵەت بەناوی پرۆلیتاریاوە، کردووە. لە بەرامبەردا ئەو سۆشیالیستانەی کە دیکتاتۆری و دەوڵەت وەك پێشمەرجی گەییشتن بە سۆشیالیزم، ڕەتدەکەنەوە، بڕوایان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە واتای گۆڕانی تاك و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە هەیە، کە هەنگاو بە هەنگاوی کۆمەڵایەتییبوونەوەی ئامراز و پرۆسێس و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و گۆڕانی دارایی [الملکیة] تایبەت بە کۆمەڵایەتیی و نەمانی پێداویستیی کاریکرێگرتە و سەروەریی و جێگرتنەوەیان بە کاری هەرەوەزیی و هاوپشتی کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکان بە بەشداریی ڕاستەوخۆی هەمووان، ئەو گۆڕانانە مەیسەردەبن.

 

 

بەبۆچوونی من ماركسیزم وەک هەر ئایدیۆلۆجیایەكی دیکە، لەسەر چەند پایەیەكی یەقینگەرایی وەستاوە و لە زیانی پاشڕەوانییەتی كە بە زانست ناوی بەرن، لەبەرئەوەی كە زانستی چەقبەستوو، بوونی نییە و تەنیا ئایین و مەزھەبەكان ئەو تایبەتمەندییەیان ھەیە، ھیوادارم دۆستە ماركسیستەكانم ئەم بۆچوونەم بە ھێرش و دوژمنایەتی كەسیی لێوەرنەگرن. ئەگەر ئەمەیان پێقوتنادرێت و دەخوازن ڕەتیبكەنەوە، با لە خۆیان و مێژوویەكی مەزھەبییەوە، كە بۆ بزووتنەوەی كۆمونەخوازی و خودی ھزری ماركس و ھاوەڵانی دروستیانكردووە، دەستپێبكەن و ماركسیزم لە چەقبەستنی ئایدیۆلۆجییەوە بگێڕنەوە نێو كایە ھزرییەكان و لە ئاسمانی پیرۆزییەوە دایگرنەوە نێو قوڕولیتەی ژیانی چەوساوان و بە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانەیان گیانی بەبەردابكەنەوە. ئەگەر نا تەنیا وەك چەند پەرتووكێكی زەردھەڵگەڕاوی نێو پەرتووكخانەكان یا چەند تێكستێكی دەرخكراوی نێو كەلەسەری ڕامیاران و چەند سكرتێری پارتێك دەمێنێتەوە و ھەر ئەو ئایینە دونیاییە دەبێت، كە پییەر جۆزیف پرۆدۆن لە وەڵامی نامەیەكی (خودی كارل ماركس)دا ماركس لە خراپیی و مەترسییەكانی ئاگاداریدەكاتەوە. [بۆ خوێندنەوەی وەڵامەكەی پڕۆدۆن بۆ نامەكەی كارڵ ماركس، كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكەن http://anarkistan.wordpress.com/2008/05/28وەرگێڕانی قەرەنی قادری ]

 

 

بەڵام تا ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ئەناركیزم، ئەنارکیزم شێوازی ھزرین و کۆمەڵێك تێڕانینی یەکانگیرە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو، کە بەرەنجامی خەباتی ڕۆژانەن و تیئۆری بە بەرەنجامی کار و چالاکی دەزانن و كەس پەیامبەر و كەس خاوەنی نییە، بەردەوام لەتەك ڕەوتی گەشەی ژیان و مرۆڤایەتی، گەشەیكردووە و دەكات و وەك گیانی سەردەمەكان ھەردەم لە ھەموو مەیدانەكانی خەبات [ئازادی، یەكسانی ،دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، لەنێوبردنی سەروەریی، ھەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی چینایەتی، پاراستینی ژینگە، ئاژەڵدۆستی، پێكەوەژیان و تەبایی بوونەوەرەكان و سروست، زانست و ھونەر و داھێنان]دا ئامادەبووە، ھەمووان چ بیریاران و چ كرێكارانی مانگرتوو و چ ئازادیخوازانی ئەناركییخواز، تەنیا سەربازی گومناوی ئەو پێناوەن و ھەر بۆچوون و بیرۆكە و بیردۆزێكی ئەنارکیستی، بەرھەمی خەباتی ڕۆژانە و ئەزموونە كردەییەكانی ئەناركیخوازەكانە. ھەڵبەتە ھەر لە نێونەتەوەیی یەكەم [ئەناركیستان واتەنی نانەتەوەیی یەكەم‘]ەوە چ ماركسیستەكان و چ لیبڕاڵەكان دواتر بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵیانداوە، ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆری وەك باكونیییەكان، پرۆدۆنییەكان لەسەر كێش و سەروای بلانكیستەكان و ماركسیستەكان، بە ئەناركییەكانەوە بلكێنن، بەڵام لەبەرئەوەی كە لەنێو خودی ئەناركییەكاندا كاڵای ساختەی ئاوا كڕیاری نەبووە و دژایەتی سەرسەختانە كراوە، بۆ تەنیا ڕۆژێكیش جێكەوتە نەبووە. بەداخەوە بە پێچەوانەوە لەنێو دۆستانانی (كۆمونیست)دا، بە شانازییەوە ئەو ناو و ناتۆرانە لەخۆیان دەنێن و زۆر مەزھەبیی و ئایییارانە دەڵێن ئێمە ماركسیستینو قوڕولیتەیەك كە ئیدئۆلۆگەكانی بۆرجوازی بۆیان دەگرنەوە، ئەوان بە پێخۆشبوون و تامەزرۆیی و (في سبیل الـلـە)ییەوە لاقی تێوەردەدەن. ھەڵبەتە ئەوەش یەكدەست و یەك جۆر نەبووە و نییە؛ سەرانی پارتە كۆمونیستەكان بە ھوشیارییەوە بەو كارە ھەڵدەستن و بەو ھۆیەوە لەنێو دەروێشانیان پلەوپایەیەكی مەزھەبیی بۆ خۆیان چێدەكەن، بەڵام لایەنگران و پاشڕەوان و ئەندامانی خوارەوە، لە ناھوشیایی و دەركنەكردنی مەترسی ئەو دیاردەوە، بەو كارە ھەڵدەستتن.

 

 

جیاوازیماركسیزموئهنارشیزم چییە، چیتان ھەیە، كە جیاكەرەوە و جێی شانازیكردن بێت ؟

 

 

بەڵی، بەدڵنیاییەوە ئەگەر جیاوازی نەبووایە، بەدرێژایی دوو سەدە بیریاران و لایەنگرانی ئەو دوو باڵەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی، دژبەیەك و لە بەرامبەر یەكدیدا نەدەوەستان، ھەروەھا بەدڵنیاییەوە لە ڕوانگەی بیریاران و لایەنگرانی ھەر یەك لەو دوو باڵەوە وەك یەك و ھاوتا، جیاوازییەكان نەخراونەتەڕوو. لەبەرئەوە من وەك لایەنگری ھزری ئەناركی، ئەو جیاوازییانە دەخەمەڕوو، كە بۆ من باسكردنیان پێویست و یەكلاكەرەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی كە ھەژماركردنی جیاوازییەكان لە ڕوانگەی ئەناركییەوە زۆرن و لێرەدا ناكرێت بەدرێژی لەسەریان بدوێم، ناچار بە كورتی، سەرخەتی جیاوازییە سەرەكی و ھەرە دیارەكان بخەمەڕوو. بۆ ئەم مەبەستە ھەوڵدەدەم لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا جیاوازییەكان نیشانبدەم، چونكە ئەگەر بچمە وردەكارییەوە، ئەوا وردەكاریی جیاوازییەكان لە تێڕوانین و كردداردا بەچەندین پەتووك تەواو نابن و كارێكی ئاوا، كاری تەنیا كەسێك نییە و لە توانای من بەدەرە، سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی بە خەیاڵمدابێت و تا ئێستاكە دەركمكردبێت، ئەمەی خوارەوە پوختەكەیەتی:

 

 

ماركسیستەكان، بوونی پارت و ڕابەریی دەستەبژێری ڕامیاریی بە مەرجی شۆڕشگێڕبووتنی بزووتنەوەكان دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایە، ئەوان مێشكی پڕۆڵیتاریا پێكدەهێنن و ڕێكخستنی ئابووریی و جەماوەریی چین و توێژە پرۆلیتێرییەكان دەكەنە ملكەچی پارتی پێشڕەو و سەركەوتنی ڕاپەڕین و خەبات و گەییشتن بە سۆشیالیزم بەبوونی ئەو دەزگە بیروكراسییە خواوەندییەوە دەبەستنەوە.

 

 

لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان خەباتی ئابووریی و كۆمەڵایەتی بە تاقە مەیدانی خەباتی سۆشیالیستی دەزانن و ڕێكخستنە ئابووریی و جەماوەرییەكان بە تاقە سەنگەری خەباتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەكان دژی سەروەریی چینایەتی بۆرجوازی دەزانن. لەسەر ئەم بنەمایە، هەم دەستەبژێری پێشڕەو و مێشكی بیركەرەوە لە جیاتی پڕۆڵیتاریا ڕەتدەكەنەوە و هەم دژی باڵا و پایینی ڕێكخستن دەبن. لەمەش واوەتر، ڕێكخراوە ئابووریی و جەماوەرییەكان تەنیا بە ئامرازی بەدەستهێنانی داخوازییە دەستبەجێكان یا سەرخستنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چەوساوان نازانن، بەڵكو وەك فێرگەی شۆڕشگێڕانی هوشیار و پێشینەی هەرەوەزییەكانی كۆمەڵگەی داهاتوو [سۆشیالیستی/ ئەناركی]شیان لەبەرچاویاندەگرن.

 

 

ماركسیستەكان، شۆڕش بە سەركەوتنی ڕاپەڕین و بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتی پێشڕەو و گەییشتن بە دەسەڵاتی ڕامیاریی دەزانن، بۆ نموونە كە دەڵێن شۆڕش لە ڕوسیە، بەدیاریكراویی مەبەستییان لە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧یە، كە تێیدا بۆلشەڤیكەكان وەك دەستەبژێرێكی ڕامیارپیشە لە نائامادەیی هوشیاریی و کەم دەركی شۆڕشگێرانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەكاندا بەدەسەڵاتی ڕامیاریی گەییشتن. لە ڕاستیدا كەتوار و ئەو دیوی دیوە شێوێنراوەکەی ڕووداوەكان، وێنایەكی دیكەی جیاواز لەوەی بۆلشەڤیکەکان و پاشڕەوانیان پاگەندەی دەکەن، لە ئەم ڕۆژەدا بۆ شۆڕش بەرجەستەدەكات، کە ئەو گۆڕان و زەمینەلەبارییەی ڕوسیە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەرهەمی چەند سەدە ستەمگەریی ئیمپراتۆریی تزارەكان و بەرەنگاریی و یاخیبوونی جەماوەریی جوتیاران و کرێکاران و سەربازان بوو، نەك بانگەوازی ڕامیارپیشە بۆلشەڤیکەکان لە هەندەرانەوە و پلانڕێژیی ئەوان بۆ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکان.

 

 

ئەناركییەكان، بەلایەنیكەمەوە من و کەسانی هاوبۆچوونی من، شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی بەردەوام و ئاڵوگۆڕ لە هوشیاریی و مێنتالیتی و بیركردنەوە و تێڕامان و شێوەژیان و كولتوور و ڕۆشنبیریی مرۆڤدا دەزانن/ دەزانین، كە لەسەر بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕانە و پەرەسەندنی خەباتی ڕۆژانە و جێكەوتەبوونی ژیانی نابۆرجوازیی وەك ئەلتەرناتیڤ و شكانەوەی هاوسەنگی هێز بەلای شۆڕشگێران و ڕوخاندنی یەكجارەكی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا دێتەدی.

 

 

لای ماركسیستەكان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرەكان بۆ گۆڕینی ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتییان، بریتییە لە ڕیفۆرم و خودی ڕیفۆرمكردنی سیستەمی چینایەتی و دەسەڵاتی ڕامیاریی بە پۆزەتیڤ دەنرخێنن، بەواتایەكی دیكە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی لەچاو هەوڵی ڕامیارییانەی پارتە پێشرەوەكانیان، بە كەم دەگرن.

 

 

بەڵام لای ئەناركیستەكان، خەباتی ڕۆژانەی چین و توێژە پڕۆڵیتێرییەكان، بریتی نییە لە ڕیفۆرم و واوەتر لەوەش بە هەنگاوە ڕۆژانەیی و هەر ساتییەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایەی كە شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاركردی خودی چەوساوانە، بەو هۆیەوە خەباتی ڕۆژانە بە تاقە سەنگەر و خەباتی ڕەوا دەبینن و دەناسن. بەڵام هیچ كات ڕێگە بەو خۆشباوەڕییە نادەن، لەنێو چەوساواندا تەشەنەبكات، كە ڕیفۆرمكردنی دەسەڵات و چەنەبازیی نێو پارلەمانەكان لە بەرژەوەندی چەوساواندا بێت.

 

 

ماركسیستەكان، شێوەیەك كە بۆ ڕێكخستنی ئابووریی و جەماوەریی پێشنیاردەكەن یا دەستی بۆ دەبەن، هەم نێوەندگەراییە و هەم قوچكەییە، واتە لەسەرەوە بڕیارەكان دەدرێن و خۆیان واتەنی ڕابەران [كۆمونیستەكان] بەرژەوەندەی هەموو چینەكە باشتر دەزانن. وەها ڕێكخستنێك چ لەو باڵەیدا كە سۆشیالدێمۆكراتەكان كردیانە بەشێك لە دەوڵەتی بۆرجوازی و چ ئەو جۆرەی كە بۆلشەڤیكەكان كردیانە داردەستی دەوڵەتەكەیان، هەمان ڕێكخستن و پێكهاتەی قوچكەیی و باڵا و پایینی هەیە. لەو ڕێكخراوانەدا بڕیاری مانگرتن و چالاكی و بەشداریكردن و نەكردن و هەڵویستوەرگرتن و هاوپشتیكردن و كاری هاوبەش، لە سەرەوە دەدرێت و مێشكی گەورە [ڕابەران] دەیدەن. هەر ئەو هاندەرە نێوەندگەراییە بوو، بۆلشەڤیكەكان توانانی بەرگەگرتنی مانەوە و درێژەی كاری سۆڤییەتەكانیان نەبوو و لە ساڵی ١٩١٨ بەدواوە سۆڤیەتەکان پەراوێزخران و پووكێنرانەوە چالاكانیان یا ناچار بە گوێرایەڵیی پارتییانە كران یا دوورخرانەوە و خرانە ژێر كاری زۆرەملێ و تۆمەتباركردنیان بە دوژمنی شۆڕش و بەكرێگیراوی لەشكری سپی. بەداخەوە كۆمونیستەكانی خۆرهەڵاتی ناوین لە گەڕان و لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی لاكەوتەیی و پەراوێخران و چەككردنی سۆڤییەتەكان، دەسەپاچە و كڵۆڵن یا نادرەبەستن و بە لێکدانەوە و پێوەری ئایدیۆلۆجیکی پاساوی سەرکوتگەریی و بیرۆکراسیی و نایەکسانی و نادادوەریی و پارتپاشایی و داراییی دەوڵەتی و کاریکرێگرتە و هەبوونی سزای سێدارە و کاری زۆرەملێ و دەزگەی سیخوڕیی و سەرووخەڵکیی و زیندان، دەدەنەوە.

 

 

لای ئەناركیستەكان، لەسەر ئەو بنەمایەی بڕاوایان بەوە هەیە، كە ڕزگاری خودی كرێكاران بەرەنجامی خەباتی خۆیانە، هەم ڕێكخستن ئاسۆیی و نانێوەندگەرایە و هەم ڕێكخراوە و بەشەكانی ڕێکخستنی هەر كارخانەیە و پیشەیەك و گەڕەك و شوێنێك، سەربەخۆیی خۆیان لە بڕیاردان و چالاكیكردن و هاوپشتیكردندا هەیە، بێجگە لەوەش، مانگرتنی كتوپڕ و نایاسایی و مانگرتنی گشتی، شێوازی ناسراو و ڕێسایی [ترادیسیۆنی] خەباتی ڕاستەوخۆی سەندیكا و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانە و كۆبوونەوەی گشتی بەردی بناخەی هەر چالاكی و بڕیاردانێكە.

 

 

ماركسیستەكان، پێداگریی لەسەر پێویستبوونی دەوڵەت دەكەن و سەروەریخوازن، لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان، دەوڵەت بە ئامرازی چینایەتی و پێداویستی ھێشتنەوە و پارێزگارییكردن لە كۆمەڵگەی چینایەتی دەزانن، لەبەرئەوە دژی هەموو دەوڵەتێكن بەناوی كرێكاران و سۆشیالیزمەوە، چونكە پێیاوایە، كۆمەڵگەی سۆشیالیستی / ئەناركی، كۆمەڵگەیەكی ناچینایەتییە و دەوڵەتی نابێت و چینێك بۆ سەروەریی نامنێتەوە، چ كرێكاران بەدیاریكراوی و چ پڕۆڵیتاریا بەگشتی.

 

 

لای ماركسیستەكان، وابەستەیی و پاشڕەویی ڕێكخراوە جەماوەریی و پیشەیی و ئابوورییەكان بۆ پارتی پێشڕەو، مەرجی كاری سەرتاسەریی و كاراییانە، بۆ ئەو مەبەستە هەردەم بە خۆتێهەڵقورتاندن و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەندامانی باڵا و گوێڕایەڵی پارت لە كاروباری ڕێكخراوە جەماوەرییەكاندا، ڕێكخراوەكان دەكەنە گیرفان و لاورگی پارت یا داردەستی پارت و وەك ڕۆبۆت هەڵیاندەسووڕێنن.

 

 

لای ئەناركیستەكان، یەكگرتن و هاریكاریی چینایەتی ڕێكخراوە ئابووریی و جەماوەرییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە سەرتاسەرییەكاندا لەسەر بنەمای سەربەخۆیی [ئۆتۆنۆمی] ڕێكخراوە ئەندامەكان و هاوپشتی بەردەوام و ئازادی بەشداریكردن و نەكردنی چالاكییەك، پێكدێت.

 

 

ماركسیستەكان، لەسەر بنەمای باوەڕبوونیان بە پێداویستی دەوڵەت بەناوی كرێكارانەوە، سامان و كەرەستەكانی بەرھەمھێنان و كەرتە پیشەسازیی و كشتوكالییەكان و داھاتی کۆمەڵگە دەوڵەتیی دەكەنەوە، لەبەرئەوە دەستەوداوێنی بەرنامەڕێژیی نێوەندییانەی ئابووری و بەرھەمھێنان و دابەشكردن دەبنەوە و دواجار بخوازن یا نا، خۆبەخۆ ئەو كارە بە دەستەبژێرێكی بەرتەریدار و بڕیاردەر لە سەرووی كۆمەڵگەوە دەسپێرن و ھەر بەرھەڵستییەك لە بەرامبەر نەرێنییەكانی ئەو بەرنامەڕێژییەدا، بە ھەوڵ و پیلانی دژەشۆڕش تۆمەتباردەكەن و بە ھەمان دەردی ئایدیۆلۆجیاگەریی، پاساوی نەرێننییەكان دەدەنەوە و لەو پێناوەشدا پێشتر سەركوتێكی ڕێكخراو بەناوی دیكتاتۆری پڕۆڵیتاریائامادەی بەرگرتن بە ھەموو ناڕەزایەتییەكی بەرھەمھێنەران و خوازیارانی ڕێكخستن و دابەشكردنی دیكەن. لەم بارەوە نموونەی زیندووی مێژوویمان لەبەردەستە، کاتێك كە كۆمونیستە شوراییەكان لە كرۆنشتات دژی بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاسا ڕامیارییەكانی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی بوونەوە و خوازیاری كۆنترۆڵی كرێكاریی و شورایی بوون، یا لە ئۆكرانیا ئەناركیستەكان [ھەرەوەزییە پیشەسازیی و كشتكارییەكان] ویستیان لە دەرەوەی بەرانامەی نێوەندسەپێنراوی بۆلشەڤیكەكان و سەركوتگەرییەكانی لەشكری سوور و لە (سان پیتەرسبۆرگ) كرێكاران بە پێداگریی لەسەر كۆنتڕۆڵی كۆمیتەكانی كارخانە و خۆبەرێوەبەرایەتی كرێكاری پێداگرییانكرد، كرێملین فەرمانی بە لەشكری سوور دا و دیكتاتۆریی پارتییان لەژێر ناوی پرۆلیتارایاوە، خستەگەڕ و کوشتوبڕێکیان بەڕێخست، کە لەشکری سپی ئەنجامینەدابوو.

 

 

لە بەرامبەردا ئەناركیستەكان، پێداگریی لەسەر نانێوەندییەتی [خۆجێی و سەربەخۆیی] بەرێوەبەرایەتی و بڕیاردان لەلایەن ھەرەوەزییە ئازادەكان یا ناوچە و ھەرێمە ئازادە پێكھاتووەكان لە یەكگرتنی فیدڕاڵییانەی ھەرەوەزەییەكان، دەكەن، كە لەوێدا ئازادی تاك لە هەرەوەزییەكان و ئازادی هەرەوەزیی و كۆمیونیتییەكان لە یەكگرتنی فیدراڵییانەی ناوچە و هەرێمەكاندا، بناخەی خۆبەرێوەبەرایەتی و خۆبڕیاردانن. بەو جۆرە نە نێوەندی بڕیاردان و نە نێوەندی بەرنامەڕێژیی لە ئارادانابن، ئەوی هەیە و دیاریكەری ڕەوایەتی كارەكانە، پێداویستیی ژیانی تاك و هەرەوەزییەكان و وەڵامدانەوەیەتی بە یەكێتی ئازادانەی ناوچە و هەرێمەكان. بە واتایەكی دیكە، لای ماركسیستەكان یا لە ئەڵتەرناتیڤی ئەواندا تاك و هەرەوەزیی و شوراكان ملكەچی سەرەوەی خۆیانن و ژیان و داهاتووی كۆمەڵگە، حەز و ئاوەزی چەند كەسێك دیاریدەكەن، بەڵام لای ئەناركیستەكان، ئەوە ئازادی تاك و هەرەوەزییەكان و پێداویستییەكانی ژیانی كۆمیونیتییەكان و وەڵامدانەوە بە هاوپشتی و یەكێتی ئازادن، كە دروستی و ڕەوایەتی بە بڕیارەكان دەدەن.

 

 

ماركسیستەكان، لەسەر بنەمای نێوەندگەرایی دەسەڵات و بەرنامەڕێژیی ئابووریی و یاساكان، بەڕێوەبەرایەتی سەرووخەڵكیی پارت و پاشڕەوانی، سۆشیالیزمی دەوڵەتی لەسەر مۆدێلی كەرتی پیشەسازیی و كشتوكالیی دەوڵەتیی بە زۆرەملێیی بەسەر کرێکاران و جوتیاران و ئەندامانی كۆمیونیتییەكاندا دەسەپێنن و تەنانەت نموونەسازی كولتووری لەسەر بنەمای بیركردنەوەی ئەندامانی بڕیادەری پارت و دەسەڵات دەكەن و هونەر و ئەدەب و ئارەزووەكانی تاك لە قاڵبدەدەن. باشترین نموونەش كاركردی بۆلشەڤیكەكان بوو، كە خەڵكیان ناچار بە بەشداری و بوونە ئەندام لە هەرەوەزییە دەوڵەتەییە سەپێنراوەكاندا دەكرد، ئەگەر كەسێك ملی بەو پرۆژەیە نەدابایە، ئەوا دوورخرانەوە و كاری زۆرملێی و مردن لە سیبریا چاوەڕێی دەكرد.

 

 

بەڵام ئەناركیستەكان، بەپێچەوانەوە، لەسەر بنەمای نانێوەندییوبوونی [ئۆتۆنۆمبوونی] هەرەوەزییەكان و ئازادی تاك لە بەشداریكردن و نەکردن لە هەرەوەزییەكاندا، هەروەزییەكان ئارەزوومەندانە وەك دەستپێشخەریی خۆبەخشانەی كۆمەڵایەتی، تەنانەت لەباری لاوازی تاكە بەشدارینەكردووەكاندا، هاوپشتیی مرۆیی لەتەكیاندا دەكەن و كۆمەكی كۆمەڵایەتی و هاوپشتیی ئازادانە، بەردی بناخەی پێكهێنانی هەرەوەزییە كۆمەڵایەتییەكانە، باشترین نموونەش هەرێمی كەتەلۆنیای ئیسپانیایە لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٣٦١٩٣٩، كە نەك تەنیا لە ڕووی ئازادی و ئابوورییەوە مەترسی بوون بۆ سەر دەسەڵاتی فرانكۆییەكان و كۆمارییەكان، تەنانەت مەترسیش بوون بۆ سەر مۆدیلی بۆلشەڤیكی سۆشیالیزم [دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی].

 

 

***********************************************************

 

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، کرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە

 

بەشی یەکەم : http://wp.me/ppHbY-HN

 

بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY

 

 

 

آدرس و اسامی صفحات مرتبط با فدراسیون عصر آنارشیسم

Federation of Anarchism Era Social Media Pages



۱- آدرس تماس با ما 
asranarshism@protonmail.com
info@asranarshism.com
۲- عصر آنارشیسم در اینستاگرام
۳- عصر آنارشیسم در تلگرام
۴- عصر آنارشیسم در توئیتر
۵ – فیسبوک عصر آنارشیسم
۶ – فیسبوک بلوک سیاه ایران
۷ – فیسبوک آنارشیستهای همراه روژاوا و باکورAnarchists in solidarity with the Rojava
۸ – فیسبوک دفاع از زندانیان و اعدامیان غیر سیاسی
۹ – فیسبوک کارگران آنارشیست ایران
۱۰- فیسبوک کتابخانه آنارشیستی
۱۱ – فیسبوک آنارشیستهای همراه بلوچستان
۱۲ – فیسبوک هنرمندان آنارشیست
۱۳ – فیسبوک دانشجویان آنارشیست
۱۴ – فیسبوک شاهین شهر پلیتیک
۱۵ – فیسبوک آنتی فاشیست
۱۶- تلگرام آنارشیستهای اصفهان و شاهین شهر
۱۷ – اینستاگرام آنارشیستهای اصفهان و شاهین شهر
۱۸- تلگرام آنارشیستهای شیراز
۱۹ – تلگرام ” جوانان آنارشیست ”
۲۰ - تلگرام آنارشیستهای تهران
۲۱ – اینستاگرام جوانان آنارشیست
۲۲ – گروه تلگرام اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۳ –  توییتر اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران - The Anarchists Union of Afghanistan and Iran
۲۴ – فیسبوک اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۵ – اینستاگرام اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۶ – کانال تلگرام خودسازماندهی مطالب گروه اتحاديه آنارشیست‌های افغانستان و ايران
۲۷ – گروه تلگرام خودساماندهی مطالب گروه اتحادیه آنارشیستهای افغانستان و ایران
۲۸– اینستاگرام آنارشیستهای بوکان - ئانارکیستە کانی بۆکان
۲۹- کانال تلگرام کتابخانه شورشی
۳۰- کانال تلگرام ریتم آنارشی
۳۱- تلگرام آنارشیستهای اراک
۳۲- تلگرام قیام مردمی
۳۳- ماستودون عصرآنارشیسم
۳۴- فیسبوک آنارشیست‌های مزار شریف
۳۵- فیسبوک آنارشیست‌های کابل